ژینیار، هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کوردستانە لەگەڵ نەیارشەیدایی.
نەیارشەیدایی یەکێک لە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستانە کە کەسێتی بەکۆمەڵی نەتەوەی کوردی تووشی سیندرومی ستۆکهۆڵم کردووە کە لەگەڵ ئەوەدا کە خۆی بە ناسنامەی دوژمنان و نەیاران و داگیرکەرە دڕندەکانی خۆ پێناسە دەکاتەوە، بەڵکو لەگەڵی دەچێتە پەیوەندییەکی سۆزدارانەوە.
ئەمە وادەکات مرۆڤی کورد مەیل بە ئازادی و سەربەستی تاکەکەسی لەلایەک و مەیل بە سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەیی لەدەست بدات و لە بەرامبەر بە دوژمنی خۆی بە ئاسانی خۆ بە دەستەوە بدات.
نەیارشەیدایی لەلایەن دەزگای دەوڵەتیی زەبەلاحی دوژمنانەوە ئەندازیاری دەکرێت و دەوەشێندرێتە ناو زەین و ئاوەزی مرۆڤی کوردەوە، و تاکو بەشی هەرە مەزنی کۆمەڵگای کوردستان لە بواری هەست و سۆزەوە تووشی شەڕماندوویی بکات و لە ئاکامدا گرفتاری قەیرانی داماوی خۆفێرکردە و نائومێدی و لەخۆبێزاری بێ و تەواو لەگەڵ خۆی بێگانە بێتەوە.
دوژمن لە ڕێگای جوان و مۆدێرن و بەکەلاس کردنی خۆی و لە بەرامبەردا لادێیکردن و گەمژە نیشاندانی کورد و ناشیرین نیشاندانی کۆمەڵگای کوردستان کەسێتی تاک و کەسێتی بەکۆمەڵی نەتەوەی کورد خەوشەدار و ستیگماتیزە بکات کە لە خۆی بێزار بێت و لە ناسنامەی خۆی ڕابکات و ڕوو بکاتە ناسنامەی ساختەی داگیرکەران.
بە نەنگ کردنی کوردبوون و هەرچی کوردییە و لە بەرامبەردا حەزی بە فریادڕەس نیشاندان بە ڕزگاری لەم نەنگە مرۆڤی کورد ئەوینداری خۆی و فەرهەنگ و ناسنامەی خۆی دەکا و وا دەکات کە بە زمان و فەرهەنگی ئەوان خۆی و نەوەکانی دوای خۆی بە کۆمەڵایەتی یان سۆشیاڵیزە بکات.
لەم ڕێگایەوە دوژمن کورد ئامادە دەکات تاکو بەدەستی خۆی گواستنەی زمانی (Language Transfer) و گواستنەی فەرهەنگ و کلتور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بکات. واتا مرۆڤی کورد مەیل نیشان دەدات زمانی بگۆڕێت بۆ زمانی دوژمن و ئەویدی خۆی و هەروەها فەرهەنگ و ناسنامەی خۆیشی هەر بگۆڕێت بۆ هی ئەوان.
دیاردەی نەیارشەیدایی تەنانەت ئەو دیاردەیە بووە کە دوژمنان و نەیارانی کوردستان بۆ خۆفرۆشپەروەری کەڵکیان لێ وەرگرتووە و بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگای خۆمانی بە گژ تێکۆشەران و شۆڕشگێڕاندا کردۆتەوە کە جاشییەتی وەک دیاردە یەکێک لە ئاکامەکانی بووە.
نەیارشەیدایی وەک نەخۆشییەکی دەروونی وەک کەمەندێک ملی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگای کوردستان و پەیکەرەی نەتەوەیی دەگوشێت و خەریکە دەیخنکێنێت، و ئێستا دەبێ بدرێتە بەر هەڵمەت و شاڵاوی نەتەوەیی و هەم لەناو بزوتنەوەی سیاسی کورد و هەم لە ئاستی کۆمەڵگا بنبڕ بکرێت.
لەم کڵابەدا هەم لەسەر هەڵمەتی ڕاماڵینی نەیارشەیدایی کار دەکرێت و هەم هاریکاری کەسانێک دەکرێت کە دەیانەوێت نەیارشەیدایی لە خۆیان داتەکێنن.
ئەم هەڵمەتە درێژەدار دەبێت و کار دەکات لەسەر ڕاماڵینی نەیارشەیدایی و گەڕاندنەوەی شکۆ و سەربەرزی و سەروەری بۆ مرۆڤی کورد.
Day | Members | Gain | % Gain |
---|---|---|---|
May 31, 2024 | 449 | +1 | +0.3% |
March 07, 2024 | 448 | +7 | +1.6% |
January 17, 2024 | 441 | +6 | +1.4% |
December 03, 2023 | 435 | +6 | +1.4% |
October 28, 2023 | 429 | +6 | +1.5% |
September 28, 2023 | 423 | +7 | +1.7% |
August 29, 2023 | 416 | 0 | 0.0% |