منم ژەنەڕاڵی پایز ..
منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو
ژەنەڕاڵم .. ژەنەڕاڵی هەزارەها داری ڕووت و
ملیارەها گەڵای وەریو
*
منم ژەنەڕاڵی پایز ..
کاسکێتەکەی سەرم هەورەو
ئەستێرەکانی سەرشانم چەند گەڵایەک بەڕەنگی زیو
پاڵتۆی بەرم کزەبایەو
شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو
*
منم ژەنەڕاڵی پایز ..
درەختی ڕووت ئەم نازناوەی خەڵات کردم .
منیش نازناوی شەهیدم دا بە گەڵای هەڵوەریو ..
کردمە تاکە ئازیزم
لەیەک ساتا خۆم کۆرپەی گەڵاڕێزان و
هەرخۆشم باوکی پایزم
*
منم ژەنەڕاڵی پایز ..
پایز بەبێ من هەتیوەو
من بووم وتم بەڵێ تەرمی نسێ ی سەوزە ..
گەڵای وەریوی کۆچ کردوو
تەنیا منم کە لەمیحرابی پایزا ..
بۆ گیانی زیندووی گەڵاکان
نوێژی شەهید دائەبەستم
ناوی نانێم نوێژی مردوو ...🍁🍁